یادگار سدیق گەڵاڵی
دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ رۆبیۆ و سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی هەبوو.
لە دوو بەیاننامەی جیادا لا یەنی ئەمەریکی و عێراقی باسیان ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە کرد .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران دا بەیاننامەیەکی گشتی بڵاوکردەوە بەڵام وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا خاڵەکانی گفتوگۆکەی دیاری کردووە.
لە ماوەکانی رابوردوودا باسی فشاری ئەمەریکا دەکرا بۆ سەر عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە. عێراق رەدی دەکردەوە کە ئەمەریکا هیچ فشارێکی لێکردبێت ئەمەش چاوە روان کراو بوو، چاوەڕێمان نەدەکرد عێراق بڵێت لەژێر فشاردا بەپەلە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکەوتین.
لە هەفتەی رابوردودا لە چەند چاوپێکەوتنێکدا رامانگەیاند کە فشارە کە زیاتر ئامانج لێی ئێرانە، بەمەبەستی توند کردنەوەی فشار و کاریگەرکردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانە،
تاوەکو لەم ڕێگەیەوە رێگری بکرێت لەوەی نەوتی هەرێم بە قاچاغ لە ڕێی ئێرانەوە هەناردە بکرێت و پێناچێت ئەمەریکا چیتر چاو پۆشی لێبکات. چونکە لە پاڵ ئامرازەکانی تردا هۆکارێک بوە بۆ دەستکەوتنی دراوی قورس بۆ ئێران کە ئێران بەکاری دەهێنێت، لە وانەش هاوردەکردنی عێراق بۆ کارەبا و گاز لە ئێرانەوە کە ئەمانە کاریگەری گەمارۆکانی کەم کردووەتەوە.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فشارەکانی پشت ڕاستکردەوە بەوەی لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە کە “هەردوولا رێکەوتین کە دەبێت عێراق سەربەخۆبێت لە بواری وزەدا”. مەبەست لێی هاوردەکردنی غاز و کارەبایە لە ئێرانەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی دەستبەرداربوونی کاتی لە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران، ڕێگەی بە عێراق دەدا کارەبا و گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات. ئەم لێخۆشبوونانە بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق بە دابینکردنی وزەی ئێرانەوە هات، چونکە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دابینکردنی غازی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٢ ملیار مەتر سێجا.
واشنتن بەشێوەیەکی کاتی مۆڵەتی بە بەغدا بەخشیوە ، هەر 90 یان 120 ڕۆژ جارێک، بۆ ئەوەی ڕێگە بە عێراق بدات غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت. ئەم لێخۆشبوونانە پەیوەست بوون بە پێویستی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران بە پەرەپێدانی کەرتی وزەی خۆی. بەمەرجێک پلانێکی درێژخایەن دابنرێت بۆ وازهێنان لە وزەی ئێران، وەک پەرەپێدانی گازی ناوخۆ و هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی کەنداو تورکیاوە.
لە ئێستادا لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کارەبا و غازی ئێران بۆ عێراق، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی وزە، بەو پێیەی سیستەمی کارەبای عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە گاز و کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبەستێت.
عێراق دەتوانێت چەند ڕێوشوێنێکی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گاز و کارەبای ئێران و دوورکەوتنەوە لە قەیرانی وزە لە مانگەکانی هاویندا، لەوانە:
-
باشترکردنی ئەدای وێستگەکانی کارەبای ئێستا
-
هاندانی بەکارهێنانی وزەی خۆری لەلایەن ماڵانەوە بە دابینکردنی ئاسانکاری بانکی و قەرز بە هاوڵاتیان،
-
– بەخێرای زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە ناوخۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ. چەندین رێکەوتن لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کراوە بۆ ئەو بوارە.
-
بەپەلە چالاککردنی هێڵی کارەبای کەنداو
عێراق کە لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو ڕێککەوتووە کە 500 مێگاوات کارەبای بۆ دابین بکات.
-
کڕینی کارەبا لە تورکیا یان ئوردن