لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای كرد، هەردوو وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم دەستەیەکی ڕاوێژکارییان هەڵبژاردووە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم.
عەدنان ئەلجابری ئەندامی لیژنەکە بە ڕۆژنامەی (ئەلسەباح)ی ڕاگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە دەزگایەکی ڕاوێژکاری سێیەم لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هاوتاکەی لە هەرێم پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی ئەم دواییەی هەرێم و پوختەیەک بدرێت بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ته لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە چارەسەرێکی گونجاو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە کوردستانەوە بدرێت.
ئەلجابری ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی تورکیا بەتەواوی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە کردووە. بەڵام تا ئێستا کێشەکانی دیکەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم چارەسەر نەکراون. بەتایبەتی سەبارەت بەو گرێبەستانەی ئەم دواییە کە لە شێوەی بەشداریکردندان و کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە پەسەند نەکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێم دەیەوێت سەرجەم گرێبەستەکان بە تەواوی یەکلایی بکاتەوە. لەکاتێکدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیدگایەکی جیاوازی هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر گرێیەک بەجیا چونکە تێچووی بەرهەمهێنان دەگاتە 26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش زۆرە بەبەراورد بەو تێچوونەی عێراق لە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی بەسرەدا، کە دەگاتە 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. دووپاتیشی کردەوە کە دانوستان لە نێوان هەردوولادا دەکرێت، هەرچەندە هەندێک گرێبەست بە نهێنین و کۆمپانیاکان ڕەتی دەکەنەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی ئاشکرای بکەن.