راپۆرت: درەو
بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا، دەستی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دەكاتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی خۆی لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بەبێ ئەمە عێراق دەتوانێت هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت كە رێژەی 77% داهاتی گشتی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، وردەكاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی نەوتی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە، لەم راپۆرتەدا.
توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت ؟
كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو.
دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەروەك هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە.
ئەوكات وردەكاری حوكمەكەی دادگای پاریس ئاشكرا نەكرا، بەڵام بەپێی هەواڵێك كە سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكردووە” دوێنێ شەو عێراق بەفەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە”.
سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە” توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان”.
ئەم بڕیارەی توركیا، حكومەتی سودانی دەستكراوەتر دەكات بۆ ئەوەی لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا بۆچونەكانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، بەپێچەوانەوە لەسەر داوای عێراق دەكرێت توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت.
ئەم بڕیارەی توركیا دژی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، بەمدواییە ناوچەكە جموجوڵێكی چڕی دیپلۆماسی بەخۆوە دەبینێت، ئێرانو سعودیە دوای چەندین ساڵ ناكۆكیو دابڕان، بەنێوەندگیری چین رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ئیمزا كرد، ئێستا سعودییەكان سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریاو توركیاش لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان.
نەوت بەرامبەر بە ئاو !
ئەم پەرەسەندنە دوای سێ رۆژدێت لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، سەردانێك كە تێیدا رێككەوتن كرا سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی (بەسرە) بە توركیاوە لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە، پرۆژەیەك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، زیانی گەورە بە داهاتەكانی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) دەگەیەنێت.
سەرباری ئەوەی خۆیان هیچ ئاماژەیەكیان بۆ نەكردووە، بەڵام پێشبینی كراوە بابەتی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆی محەمەد شیاع سودانی بوبێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.
هەر لەم سەردانەدا بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانیدا بەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە زیاد بكرێت.
پێشترو بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسانی توركیا هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا یەكلابكاتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەنو بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن.
لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە
لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد.
ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراقو رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێتو پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی “داعش”ی بەسەردا هاتو ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو.
نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیداو لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی “ئابوری سەربەخۆ” جێبەجێ بكات.
هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی “ئابوری سەربەخۆ”دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیاو ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیاو لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری “جەیهان”و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراقو توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا.
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدادو بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد.
كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیاو عێراقدا هەیە.
عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن.
سەرباری ئەوەی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو.
نەوتی هەرێم لەژێر گەمارۆدا
رۆژی 4ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕو پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە ئەنكەرە.
ئەردۆغان لەم سەردانەدا داوای لەنێچیرڤان بارزانی كرد، هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەرێم رەوانەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی وزە لەگەڵ توركیا ناودەبرێت، بەڵێنی پێدا دوای گەڕانەوەی، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا بكات.
11 رۆژ دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، رۆژی 15ی شوباتی 2022 دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو.
دادگای فیدراڵی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوتو غازەكەی بە بەغداد، ئەمە قورسترین بڕیار بوو كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە بەغدادەوە دژی هەرێم دەبچێت، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی چەندجارێك وەفدی ناردە بەغداد بۆ مامەڵەكردن سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا بڕیارەكەی رەتكردەوەو بە بڕیارێكی “سیاسی” ناوی هێنا.
رۆژی 24ی نیسانی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كردبووی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردو تێیدا داوای رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوتو غازی هەرێمی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقیان بیانگونجێنێت، هەروەها وەزارەتی نەوت داوای پێكهێنانی كۆمپانیایەكی كرد بەناوی “KORC” بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كۆمپانیایە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا بێت، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت.
حكومەتی هەرێم داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد حكومەتی مستەفا كازمی دواتر چەند هەنگاوێك دژی هەرێمو لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵبگرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوتو غاز لە هەرێم كرد، داوای لێكردن گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ بەغداد نوێ بكەنەوە، ئەگەرنا عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە لە هەرێمی كوردستان كشانەوە.
ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان، حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە.
تشرینی یەكەمی 2022 كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق دەستبەكاربوو، كابینەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، سودانی بەڵێنی دا بە كورد، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربكاتو لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە نەوتو غاز بدۆزێتەوە. پێنج مانگی وادەكە تەواو بووەو هێشتا یاساكە دەرنەچووە.
لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە هەولێرو بەغداد دەستیان بە دانوستانێكی نوێ كردووە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا رەتیكردوەتەوە هەرێم یاسای نەوتو غازو ئەنجومەنی نەوتو غازو بۆری تایبەت بە هەناردەی نەوتی خۆی هەبێت، بەڵام دانوستانەكان هێشتا بەردەوامنو هیچ لایەك بە فەرمی شكستی دانوستانەكانی رانەگەیاندووە.
یاسای نەوتو غاز فیدراڵ یەكێك لەو یاسایانە بوو كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، لەماوەی (18) ساڵی رابردوودا دووجارو لە ساڵانی 2007و 2011دا رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغداد، یاساكە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا.
بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی لە كەرتی نەوتو غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ” هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمیش ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە”.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵو ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوتو غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.
ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوتو غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێتو گرفت بۆ بەرهەمهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، ئەمە پاڵ دەرچوونی حوكمی كۆتایی دادگای پاریسو دەستبەردابوونی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
دەرچوونی یاسای نەوتو غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە.
گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتیو یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوتو غازدا.
ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێم ناچار بكات هەندێك نەرمی بۆ یەكێتی بنوێنێت، رەنگە بەپێچەوانەشەوە لێكترازانی تەواوەتی لەنێوان هەردوو زۆنەكە دروستبكات.
نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات
لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات.
لەكاتێكدا مانگی ئازار لە دواین رۆژەكانی خۆیدایە، حكومەتی هەرێم هێشتا بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی شوبات دابەش نەكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی.
بەپێی هەواڵەكەی سایتی (ئارگۆس)، لە كۆتاییەكانی مانگی یەكدا، كۆمپانیای گەورەی (ترافیگۆر) پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندووە، ئەم كۆمپانیایە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە بۆ بازاڕەكان.