روونبین
بەغدا – کەمن ژمارەی ئەو کەسانەی کە ھاوشێوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی گرنگن بۆ گەشەسەندنی سێکتەری غاز، چونکە ئەو سەرۆکە لە پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتدارە کە زۆرینەی کێڵگە غازییەکانی تێدا ھەڵکەوتوون.
ھاوکات بافڵ تاڵەبانی لە ئێستادا چەقی ململانێ سیاسییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەمە بە زانینی ئەو راستییەی کە حزبەکەی ماوەیەکی دورودرێژە ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمە. تێکچوونی پەیوەندییەکانیشان لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا مەترسییەکی ھەمیشەیی دروستکردووە لەسەر بەردەوامیدان بە کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و غازە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ماڵی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە بەغدا ئەنجامدراوە بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی ئەو سەرۆکە و سەرۆکی ئێستای یەکێتی رەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت کە بەشە بودجەی پارێزگای سلێمانی گلداوەتەوە و رەوانەی ناکات، دەڵێت: “حکومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان زۆر بە سیاسی کراوە” و ئاماژە بەوەشدەکات، “دوو ئیدارەییەکی زەق ھەیە، چونکە پێیانوایە دەبێت سلێمانی خۆی خۆی بەڕێوەببات”.
لەدرێژەی کارەکانیدا حکومەتی ھەرێم پلانی ھەبوو کە بۆرییەکی نوێی غازی سروشتی رابکێشێت بەمەبەستی دابینکردنی وزەی زیاتر بۆ وێستگەکانی وزەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و ئەشکرا ئەم بۆرییە لە داھاتوودا بەکاربھێنرێت بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتی تورکیا.
ئەم پرۆژیە دەستکرا بە جێبەجێکردنی و تەندەرەکەی درا بە گروپی کۆمپانیاکانی (کار) کە نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی سەربە یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان رێگربوون لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و بەو ھۆیەوە پرۆژەکە بووە ھەڵمی سەرئاو. بافڵ تاڵەبانی، لەم چاوپێکەوتنەدا دووپاتیدەکاتەوە، “ئەو بەشێوەیەکی شەخسی رێگر بووە لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژیە، چونکە ئەو پێیوایە گرێبەستەکە پێشکەشکراوە بە کار گروپ و نە تەندەرێک لە ئارادا بووە نە پرۆسەیەک بۆ راگەیاندنی ئەو تەندەرە”.
بە وتەی بافڵ تاڵەبانی، “کار گروپ ئەم گرێبەستەی نەبردووەتەوە، بەڵکو پێیبەخشراوە. ئەمەش بێڕێزییە بە خەڵکی کوردستان و عێراقیش”.
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کەرتی نەوت و غازەوە دەڵێت: “ویستی ئەوەی ھەیە ببێت بە بەشێک لەو بڕیارە ستراتیجیانەی کە لەسەر کەرتی وزە دەدرێن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پرۆسەیەی کردووەتەوە پرۆسەیەکی چەقبەستوو. نەبوون بە ھاوبەش لەم پرۆسەیەدا وایکردووە کە ھاوبەشیکردن لەگەڵ بەغدا رۆژبەرۆژ سەرنجڕاکێشتر بێت”.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت: “من تێناگەم نەبوونی ویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟! تەنیا بەسرە ھەزار جار لە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەند ترە! ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت بۆ لای من و بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووکەکەی خۆت بخە سەر ئەم مێزە و ببە بە بەشێک لەم مێزە گەورەیە و لەنێویشیدا پشکت دەبێت لە بەسرە، وەک ھەلێکی زێڕین سەیری دەکەم”!
من کەسێکی شارەزایی دارایی نیم بەھیچ شێوەیەک، بەڵام حەزم لەوەیە بەشێوەیەکی لۆژیکی بیربکەمەوە. واچاوەڕواندەکرێت ئێمە لەگەڵ ئەم لایەنە رکابەری بکەین، بەڵام ھیچ رێگەیەک نییە کە ئێمە بتوانین ئەمە بکەین. ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ ئێران ھەیە. چەند خاڵێکی سنووریمان لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەیە، بەڵام لە کۆتایدا ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ یەک وڵات ھەیە.
لیزێ پۆرتەر: پەروێزخان یان باشماخ؟
بافڵ تاڵەبانی: ھەردووکیان، بەڵام ئەمە یەک سنوورە. پەروێزخان و باشماخ زیانی زۆریان لێدراوە، بەھۆی مەرزی مونزیرییەوە، چەندین قاچاخی لە مونزیرییەوە دەکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەو ھەموو بازرگانییەی کە لێوەی دەکرێت. لەلایەکی تریشەوە، حاجی ئۆمەران ھەیە لە سنووری پارتییەوە و رێککەوتنێکی نوێشیان ھەیە بۆ ھەناردەی کەلوپەل (رێککەوتنێکی نوێی ترانزێت) لەو دەروازەیەوە. بەم ھۆیەوە، ھەرچی بازرگانی ھەیە دەڕوات بۆ ئەوێ. لەگەڵ ئەمەش ھەندێک خەڵک ھەن لەنێو حکومەت کە لەکاتی خۆیدا رێگەنادەن کە لە سنوورەکانی ئێمەوە بازرگانی بکرێت. لەولاشەوە ھەروا لەخۆوە کەسێک ھەڵدەتۆقێت و بەو کەسانە دەڵێت کە لەکاتی خۆیدا کاریان بۆ نەکراوە: “ئەگەر دەتانەوێت بازرگانی بکەن دەتوانن بێن لە حاجی ئۆمەرانەوە بکەن”! لەبەر ئەوەیە کە ئەم خاڵە سنوورییانە لە ئێستادا زیانی گەورەیان لێدراوە.
با وادەبنێن کە وانییە، زۆر بەباشی کارەکانی خۆیان دەکەن ئەم سنوورانە و ھەموو شتێکیش باشە! بەڵام ھێشتاش ناتوانن لەگەڵ گەورەترین دەروازەی سنووریی عێراق رکابەری بکەن کە سنوورە لەگەڵ تورکیا کە تەنیا خاڵی سنووری نێوان تورکیا و ھەرێم نییە، بەڵکو گەورەترین خاڵی سنووریی نێوان تورکیا و عێراقیشە! ئەمە سەرەڕای ئەوەش سنووریان ھەیە لەگەڵ ئێران. با لەبیریشمان نەچێت کە خاڵی سنوورییان ھەیە کە کەس لە بوونی ئاگادار نییە!
لیزی پۆرتەر: سنووری سووریا؟
بافڵ تاڵەبانی: لە سنووری سووریا کەس نازانێت چی ھاوردە دەکرێت و چی ھەناردە دەکرێت. لەراستیدا، ئێمە دەزانین چی لەوێوە دێتە ھەرێم و چ شتێکیش لێرەوە دەڕوات بەرەو ئەوەێ، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە لە ھیچ تۆمارێکی حکومەتدا تۆمار ناکرێت کە چی لێرەوە دەڕوات و چ شتێکیش لەوێوە دێت. ھیچ شتێک لەم شتانە لەژێر چاودێریدا نییە! ئەمە ھەمووی لە لایەک لەلایەکی تریشەوە ئێمە، کێڵگەی نەوتی خەیاڵیمان ھەیە.
لیزی پۆرتەر: عەین زالە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی، عەین زالە. کێڵگەیەکی نەوتی خەیاڵییە، ئامێرەکانی ناوی بەخێرایی و لەسەریەک لەسەریەک کاردەکەن، بەڵام نەوتەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟!
لیزێ پۆرتەر: بەڵی، ئێمە ھەمیشە تێبینی ئەوەمان کردووە کە لایەنێکی تاریک و نادیار ھەیە لەڕووی ئەوەی چی لە کەرتی نەوتی ئەوێدا دەگوزەرێت.
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە دەزانین کە چی دەگوزەرێت لەوێ، بەڵام زۆر لەو خۆگرتر و بەڕێزترین لەوەی کە باسیبکەین چی لەوێ دەگوزەرێت. من وایبردەکەمەوە ئەگەر ئێمە راستگۆبین لەگەڵ یەکتری، ھەموومان دەزانین کە چی لەوێ دەگوزەرێت. لەبەر ئەوە تەنیا بەشێوەیەکی ئەقڵانی بیر لەوە بکەرەوە، ئێمە چۆن دەتوانین رکابەری لەگەڵ ئەوە بکەین؟!
ئێمە زۆر ھەوڵماندا بۆ ئەوەی خۆمان لەگەڵ ئەم بابەتە بگونجێنین. بیرمە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کاک مەسرور من و براکەم (قوباد تاڵەبانی) بەڵێنماندا وەک نیازپاکییەک چەند ھەنگاوێک بچینە پێشەوە و کۆمەڵێک شت بکەین. کۆمەڵێک شت ھەبوون کە پێموایە بۆ کاک مەسرور گرنگ بوون و ئێمە پێماندا، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان نیشان بدەین.
لیزێ پۆرتەر: ئەو شتانە چی بوون؟
بافڵ تاڵەبانی: یەکێک لەوشتانە ئەوبوو کە ئەو دەیویست گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی نەوت و غازدا بکات. ئێمەش بەتەواوەتی رازیبووین بەوە بەبێ ھیچ دانوستانێک. ئەمە بەزانینی ئەوەی سێ ساڵ بوو ڤیتۆمان دەکرد. بەڕاستی پێموابوو کە ئەمە وادەکات ئەو ھەستبکات کە ئێمە چەند جدین لە ھاتنەپێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یارمەتیدانی ئەوان. دانەیەکی تریان بریتیبوو لە رێککەوتنێک بۆ بردنەپێشەوەی یاسای کانزاکان.
لە کۆتا چاوپێکەوتنتدا لەگەڵ رووداو باسی ئەوەت کردووە کە ھەرێمی کوردستان پشت بە غازی سلێمانی ئەبەستێت کە لە کۆرمۆرەوە دێت و سەرچاوەکانی غاز لە سلێمانین کە لەژێر کۆنترۆڵە یەکێتیدایە؟
لە راستیدا لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدا نین، بەڵکو دەکەونە ناوچەی جوگرافیای ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی. دەنا، یەکێتی بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ھیچ یەک لە گرێبەستەکانی غازی سروشتییەوە نییە.
لیزێ پۆرتەر: تا چ رادەیەک کێشەکانی تایبەت بە وزە ھۆکارن لە گرژبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی؟
بافڵ تاڵەبانی: تا ئەو رادەیەش نیە کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت و غاز و لام پەسەند نییە. پێموایە سیاسەتێکی کاریگەر نییە تێناگەم بۆچی خواستی ئەوە نییە کە ئیش لەگەڵ بەغدا بکەین. من کەسێکم کە شارەزایی دارایی نیم، بەڵام دەزانم کە بەسرە ھەزار نێدەی سلێمانی دەوڵەمەندە، تەنیا بەسرە، ئەگەر سەرۆکوەزیران بێت بۆ لای من و پێم بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووکەکەی خۆت بخە سەر مێزە گەورە و ئیتر تۆ دەبیتە بەشێک لە مێزە گەورەکە کە بەسرەشی تێدایە، وەک ھەلێکی زێڕین سەیری دەکەم”.
ئیتر ئەمەش واملێدەکات کە بپرسم، ئەگەر ناتەوێت ئەو شتە بکەیت؟ بۆچی ناتەوێت ئەو شتە بکەیت؟ ئەبێت دەورییەکەی خۆت چی لێبێت؟ خواردنەکەی سەری بۆ کوێ دەڕوات؟ چونکە لەڕووی لۆجیکییەوە ناکرێت کەسێک ھەبێت کە نەیەوێت ئەو شتەبکات.
شتەکە ئەوەیە بمانەوێت یان نەمانەوێت کۆمەڵێک گرێبەست بۆ چەند ساڵێک واژووکراون. سەری ئەو ژمارانە بکە کە چەن ساڵێک ئاشتی ھەورامی بە ئێمەی وتن. ئەو بەڵێنانەی کە پێیداین کە کوردستان چی لێدێت، سەیری واقیعەکەش بکە کە چۆنە؟!
تاکە کێشەی ئێمە لەگەڵ غازی سروشتی ئەوەیە، نامانەوێت بەخراپی بەڕێوەببرێت وەک نەوت. ئەوە تاکە کێشەی ئێمەیە، چونکە ئەوە تاکە سەرچاوەیە کە لەدەستی ئێمەدا ماوە، لەدەرەوەی ئەو کانزایانەی کە ھەمانن. ئەگەر غازیش بەشێوەیەکی خراپ بەڕێوەبەرین ھەرێمی کوردستان تووشی کارەسات دەبێت.
ئێستا شتێکت پێدەڵێم کە پێشتر بە ھیچ کەسم نەوتووە، چەند مانگێک لەمەوبەر لێدوانێکی تارادەیەک تووندمدا، بۆ ئەوەی کاردانەوەکان بزانم؟
لیزێ پۆرتەر: بەڵێ
بافڵ تاڵەبانی: مەگەر بەسەر لاشەی مندا غاز رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن.
لیزێ پۆرتەر: خەریک بوو پرسیاری ئەوەت لێبکەم.
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەبوو ئەو ئەنجامە روویدا کە چاوەڕێم دەکرد، وەفدێکی بچووک لە ھەولێرەوە ھات. وتیان، با گفتوگۆ بکەین لەسەر غازی سروشتی. زۆر دڵخۆشبوو. من وابیرم دەکردەوە ئێستا دادەنیشین و سەیری دۆخەکە دەکەین بەشێوەیەکی ئەقڵانی، چەند غازمان ھەیە؟ ئەمانەوێت چەند بەرھەم بھێنین؟ چی لێدەکەین کە بەرھەممانھێنا؟ وابیرم ئەکردەوە کە لەوانەیە یەکەمجار بازرگانییە بچووکەکانی پێ پڕبکەینەوە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری پێ بەرھەم بھێنینن دواتر ھەرچەندی مایەوە ھەناردەی بکەین، بۆ نمونە بەغدا پێویستی بە غاز و کارەبا ھەیە، ئەوروپا پێویستی پێیەتی، تورکیا پێویستی پێیەتی. من وردەکارییەکی نازانم، بەڵام پێویستی بە بیرکردنەوەی ورد نییە کە لە ھاویندا غاز رەوانەی بەغدا بکەین کە پێویستیا پێیەتی، لە زستانیشدا ھەناردەی ئەوروپای بکەین. ئەوە ئەو شتەبوو کە من لە مێشکی خۆم دامنابوو و بیرم لێدەکردەوە کە گفتوگۆی لەسەر بکەین. دوای کە ھاتن ئەزانی باسی چیمان کرد؟ لەسەدا چەند بۆ یەکێتی و لەسەدا چەند بۆ پارتی؟ راستگۆبم، وتم: بچنەدەرەوە، ئەمە ئەو شتە نییە کە من دەمەوێت گفتوگۆی لەبارەوە بکەم. ھەمان ئەو شتانەی پێشوو بوو. غاز موڵکی یەکێتی نییە، موڵکی پارتی نییە، موڵکی خەڵکی کوردستان و عێراقە. ھی من نیە و منیش دەسەڵاتم بەسەریدا نییە.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ئەبێت بگۆڕێت. ناتوانین بەیانییەک لەخەو ھەستین و بڵێین: چەند کێڵگەیەکی غاز لێرەیە و چەند کێڵگەیەکی نەوتیش لەوێیە، ئۆو ئەمە عەین زالەیە و من دەیبەم بۆ خۆم. بۆچی؟ چۆن دەوێریت شتێکی لەو شێوەیە بکەیت؟ بە چ مافێک ئەو نەوتە دەبەیت؟ ئەمە نەبوونی دامەزراوەیە کە رێگەدەدرێت شتی لەم شێوەیە رووبدات، نەبوونی دامەزراوەی راستەقینەیە. کاتێکیش کە یاسا سەروەر نەبێت بێگومان دامەزراوەی راستەقینەش نابن.
لیزێ پۆرتەر: با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی بۆری غاز، کار گروپ گرێبەستی ئەو پرۆژەیەی وەرگرت.
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، کار گروپ ئەو پرۆژەیەی وەرنەگرت، بەڵکو ئەو پرۆژەیی پێدرا، ھیچ پرۆسەیەکی تەندەرین نەبوو، نەشچوو بۆ ئەنجوومەنی نەوت و غاز. ھیچ تەندەرێک لە ئارادا نەبوو. کەسێک بەیانی لەخەو ھەستا و وتی: با ئەمە بۆ کار گروپ بێت. کێ خاوەنی کار گروپە؟ ئەوە گەندەڵییەکی زۆر روونە
چاوەڕێش دەکەن ھەمووان دانبیشن بەبێ دەنگی و بڵێن، نەخێر نەخێر، ئاساییە ئەو شتە لەپێناو سەقامگیری ھەرێمەکەمان، لەپێناو حکومەتی ھەرێم با ھیچ شتێک نەڵێین. ئەمە بێڕێزییە بە خەڵکی کوردستان کە ئەم شتانە روودەدەن. گەیشتووەتە لوتکە، راھاتوون کە ساختەکاری ئەنجام بدەن. جارانسێ بۆ چوار کۆمپانیا ئامادەیی خۆیان دەرببڕیایە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە وایلێھاتووە، کە گوێ بەوەش نادەن، کەوتوونەتە سەر رێگاکە و راھاتوون کە پارە بخەنە گیرفانیانەوە. وایان لێھاتووە بەیانیەک لەخەو ھەڵدەستن و دەڵێن: ئۆو کارگروپ، ئەمەی بۆ دەرچوو، ئەمە بۆ کار گروپ.
لیزێ پۆرتەر: کار گروپ گرێبەستی بۆری پێدراوە، لەو کاتەوە چی روویداوە؟ تۆ دژایەتی ئەو گرێبەستەت دەکرد.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵی من ئەو کارەم کرد.
لیزێ پۆرتەر: ئەی ئەوە ئێستا چی لێدێت؟ چی روودەدات.
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی ھیچ شتێک. من ھەوڵمدا دانوستانیان لەگەڵ بکەم، بەڵام وەک بینیمان دانووستانەکە گەیشتن بەش و بەش کاری کە ئەوە بە ھیچ شێوەیەک ئامانجی من نیە. من دەمویست گفتوگۆ لەسەر ستراتج بکەم.
لیزێ پۆرتەر: وا دەردەکەوێت کە تۆ بیرۆکەیەکی جیاوازت ھەیە لەبارەی ئەوەی کە کەرتی نەوت و غاز چۆن کار دەکات و چۆن دەبێت کاری تێدا بکرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ
لیزێ پۆرتەر: ئەگەر تۆ کەرتی غازی ھەرێمی کوردستانت گەشەپێبدایە کە زۆرینەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە ئەو پرۆسەیە چۆن دەبوو؟ بە چ تیۆرییەک ئەوەت ئەنجام دەدات؟
بافڵ تاڵەبانی: نامەوێت ھەرگیز کارێکی وا بکەم. ئەمە تووشی سەرسوڕمانت دەکات، بەڵام دەمەوێت حکومەت ئەو کارە بکات. بەڵام خەزیش دەکەم ئەو حکومەتە حکومەتی منیش بێت. تەنیا حکومەت چەند کەسێک نەبێت کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. ھەموو ئەوەی کە پێویستە شەفافیەت، پلانێکی یاسایی و دادپەروەرانەیە. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆز بووە بەھۆی ئەو بڕیارەی کە دادگای فیدراڵی عێراق داویەتی. دەبێت زۆر وریابین لەبارەی ئەم شتانە، چونکە ھەموو شتێک پەیوەستە بە یاساوە، چونکە ئەوە نیشانمان دەدات کە ئێمە لەکوێی ھاوکێشەکەداین، ھەرکاتێکیش کە ئەوەمان زانی لەوانەیە بزانین بڕیارە دروستەکە بدەین.
تاکە شت کە من لێی دڵنیام ئەوەیە، سەری خۆمان بکەین بەژێر خۆڵدا و بڵێین: لە بەغدا شتێک رووینەداوە و ھەموو شتێک باشە و با بەردەوام بین ھیچ شتێک باشنابێت و چارەسەرێکی باش نابێت.
لەبەر ئەوە من ھانی ئەوە دەدەم حکومەتی ھەرێم لە دۆخەکە تێبگات، با سەرەتا حکومەتی ھەرێم رزگار بکەین.
ئەم دواییانە من تۆمەتبار دەکرێم بەوەی کە دەمەوێت حکومەتی ھەرێم بڕوخێنم، من ئەگەر بنمویستایە لەماوەی پێنج خولەکدا ئەو کارەم دەکرد تەنیا بە وتنی ئەوەی کە، “با یەکێتی بێتەدەرەوە لە حکومەت”، بەڵام ئەوە ویستی من نییە. شانازی دەکەم بەو ھەموو دانبەخۆداگرتنەی یەکێتیش کە لە ماوەی رابردوودا نیشانیداوە. لەنێو حکومەتی ھەرێمیشدا خەڵکانێک ھەن کە زۆر بەباشی کاردەکەن بۆ ئەوەی حکومەتەکە لەناوبەرن، پێویستیان بە ھاوکار ئێمە نیە، چونکە بەبێ ئێمەش خۆیان خەریکە ئەو کارە دەکەن.
لیزێ پۆرتەر: ھیچ پلانێکت ھەیە بۆ گەشەدان بۆ بۆری غاز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لەم ستاتەدا؟
بافڵ تاڵەبانی: بەھیچ شێوەیەک، من ھەمان ئەو ھەڵەیە ناکەم کە ئەوانی تر ئەنجامیاندا. ھەرچی بکەین پێویستە یاسایی بێت، شەفاف و متمانە پێکراو بێت. ئەگەر بمویستایە شتێکی وابکەم چەند مانگێک لەمەوبەر زۆر بەئاسانی دەمتوانی بیکەم، رازیدەبووم بەو بەشی کە بۆم دانراوە و گیرفانی خۆم پڕدەکرد وەک ھەموو ئەوانی تر، بەڵام پێموایە زۆر نابەرپرسیارانەیە ئێستا ئەو کار بکەین.
لیزێ پۆرتەر: وابزام دوێنێ فایەق زێدانت بینی؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەو ھاوڕێیەکی ئازیزی منە.
لیزێ پۆرتەر: باسی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیتان کرد لەبارەی کەرتی نەوت و غازی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی: راستگۆبم نەخێر،
لیزێ پۆرتەر: ئەوەندەی من بزانم پێش پێکھێنانی حکومەت رێککەوتنێک کراوە بۆ کە حزبە کوردییەکان پشتیوانی پێکھێنانی حکومەت بکەن و لە بەرامبەردا فشارە یاساییەکانی سەر کەرتی نەوت و غازی بوەستێنرێن کە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەستیانپێکردووە، ئایا ئەم فشارانە بەراستی کەم بوونەتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر،
ئەمە بڕیارێکی یاساییە و پەیوەستە بە حکومەتی ھەرێمەوە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێیوابێت، ئەم بڕیارە نایاساییە و دانی پێدا نەنێت ناگەین بە ھیچ شوێنێک. لە راستیدا ئەمە یەکێکی ترە لەو شتانی ئەم حکومەتە کە من زۆر بێزار دەکات، لە بنەماکانی دانووستاندن تێناگەن، وادابنێ ئۆتۆمبێلێمان ھەیە کە وادانراوە بە ١٠ ھەزار دۆلار بفرۆشرێت، من دەمەوێت بە ٥ ھەزار دۆلار بیکڕم. نرخی راستەقینەی خۆشی ٧ ھەزار دۆلارە، ھەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت کە نرخە راستەقینەکەی ٧ ھەزار دۆلارە، بەڵام کە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەیت دەڵێت ١٢ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار.
لیزێ پۆرتەر: وا دەردەکەویت کە بیرکردنەوەکانت زۆرتر لە قازانجی ناوەندە لەبارەی نەوت و غازەوە و دەتەوێت پردی زیاتر لەگەڵ بەغدا دروست بکەیت.
بافڵ تاڵەبانی: من شەفافیەتم دەوێت، شەفافیەت لەکوێ بێت منیش بەرەو ئەوێ دەڕۆم.
قوباد دەستپێشخەرییەکی زۆر باشی ھەیە و پێموایە ئەم مانگە ھەموو کەس دەتوانێت دینار بە دیناری داھاتی باج و سنوورەکان بەشێوەیەکی ئۆنڵاین ببینن ئەوەی پەیوەند بە ئێمەوە ھەیە. بۆچی؟ چونکە ئێمە شەفافیەتمان دەوێت، بەھیوام کە ئێمە ئەمان کرد ئەوانیش لە لاکەی ترەوە ھەمان شت ئەنجام بدەن؟ بۆ عەین زالەش ھەمان شت ئەنجام بدەن، بۆ سەر سنووری سووریاش ھەمان شت ئەنجام بدەن. راستگۆ بم، ئێمە ناوەستین لە چاکسازیی.
لیزێ پۆرتەر: ئەم ھاوینە چەندین ھێرشمان بینی کە کرانە سەر کۆرمۆر،
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ
لیزێ پۆرتەر: ئەو کۆمپانیایانەی کە لەوێ کاردەکەن گەرەنتی ئەوەیان دەویست کە جارێکی تر ئەو ھێرشانە دووبارە نەبنەوە.
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە من تووشی سەرسوڕمان ناکات.
لیزێ پۆرتەر: چ گەرەنتیەک؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ھیچ کەس ناتوانێت ھیچ گەرەنتییەک بدات لەم کاتەدا کە ئەم ھێرشانە دووبارە نابنەوە. ھەرکات حکومەت توانی باشتر کارەکانی بکات و تێگەیشتێکی باشتری ھەبێت بۆ دۆخەکە ئەوکات پێوایە دەتوانین ھەنگاو بنێین بەرەو ئەوەی کە گەرەنتی بدەین ئەم کۆمپانیایانە. بەڵام ناتوانین گەرەنتی بدەین ھەتاوەکو زانیاری تەواومان نەبێت لەسەر وردەکارییەکان کە ئەم شتانە چۆ روویانداوە و بۆچی روودەدەن؟
لیزێ پۆرتەر: پرسیارێکی تری جددیم ھەیە.
بافڵ تاڵەبانی: تەنیا یەک دانە؟
لیزێ پۆرتەر: بەڵی یەک دانە، لەوانەیە ئەمە پەیوەندی بە شارەزایی تۆشەوە نەبێت، بەڵام پێمخۆشە کە بیرکردنەوەی تۆ لەبارەوە بزانم. سکاڵایەکی یاسایی ھەیە لە پاریس کە عێراق لەدژی تورکیا جوڵاندوویەتی، بەھۆی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوەی وڵات. پێدەچێت بڕیاردانیش لەسەری نزیک بووبێتەوە، پێتوایە ئەم بابەتە چۆن کاردەکاتە سەر توانای ھەرێمی کوردستان لە ھەناردەکردنی نەوتدا.
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئەوە کار لە ھەموو شتێک دەکات، قسەکەی تۆ دروستە، ئەم بابەتە شارەزایی من نییە، زیاتر پەیوەندی بە قوبادەوە ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەڵێ، پێموایە کار دەکاتە سەر ھەموو شتێک.
لیزێ پۆرتەر: ھیچ لێکتێگەیشتنێک ھەیە بۆ ئەوەی بڕیاردان لەسەری دوابخرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: راستگۆبم لەگەڵت، ھیچی ئەوتۆم لەبارەیەوە نەبیستووە.
لیزێ پۆرتەر: کێشەیەکی گەورەی دوو لایەنەیە و بیستوومانە کە بەغدا بانگەشەی دەیان ملیار دۆلار دەکات لەبارەیەوە.
بافڵ تاڵەبانی: پارەیەکی زۆرە.
لیزێ پۆرتەر: تورکیا لە ئێستادا ئەو بڕپارەیەی نییە.
بافڵ تاڵەبانی: پارەیەکی زۆرە، نەمئەزانی بەو رێژەیە پارەکە زۆرە.
لیزێ پۆرتەر: لە چەند کەسێکم بیستووە بڕی پارەکە لەنێوان ٢٦ بۆ ٣٠ ملیار دۆلارە، بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دوولایەنەکە. پێتوایە ھیچ رێگەیەک ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەمە لە دەرەوەی دادگا.
بافڵ تاڵەبانی: بەداخەوەم، بەڵام ئەوە شتێک نییە کە من بتوانم وەڵامەکەی بدەمەوە، چونکە زانیاری تەواوەتیم نیە و قوباد ئەو کەسە کە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
لیزێ پۆرتەر: وا دەردەکەوێت تۆ و یەکێتی زۆر نزیکترن لە بەغدا بە بەراورد بە پارتی. بۆیە حەزئەکەم بزانم، باسی چارەسەر و سیناریۆکانی چارەسەرکردن دەکەن؟ کە چۆن دەبن؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئێمە لەبەر ئەم شتە نزیک نین لە بەغداوە، ئێمە لە بەغداوە نزیکین لەبەر ئەوەی پێویستە نزیک بین لە بەغداوە. چ پێمانخۆش بێت یان نا ئێمە بەشێکی عێراقین.
لیزێ پۆرتەر: چ شتێک تۆ ئەھێنێت بۆ بەغدا؟ وەک دیارە ئەم ماوەیە چەندین کۆبوونەوەت ھەبووە و شاندی حکومەتی ھەرێمیش لێرەیە لە بەغدا لەم ساتەدا.
بافڵ تاڵەبانی: ئەم ئێوارەیە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا ھەیە لە بەغدا کە من نێوەندگیرەکەیم و رێکمخستووە. ئەوە ھۆکاری سەردانی منە بۆ بەغدا، کە ھەموو حزبە بەشدارەکانی حکومەت قەناعەت بکەن و دەستبە ئەجێندای ئیشکردن بکەن. ئەمڕۆ بابەتی گرنگ باس دەکەین و پێشموایە ئەبێت شتی لەم شێوەیەش لە کوردستان بکەین.