ڕێبین فەتاح
پاش نزیکەی ١٧ ساڵ لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان-ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧- پرۆژەیەک بۆ هەمواری یەکەمی یاسایەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئیمزای مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پرۆژەی هەموارکردنەوەکە بکات.
هەموارکردنەوەکە، تەنیا دوو خاڵ لەخۆدەگرێت کە پێوەستن بە ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازەوە. یەکەم: زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وەک ئەندام لە ئەنجوومەنەکە؛ پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە؛ دووەم: دیاریکردنی ڕێوشوێنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە (کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامان، دەرکردنی بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان و هەروەها لە کاتی یەکسانبوونی دەنگەکانیشدا ئەو لایەنە پێشدەخرێت کە دەنگی سەرۆکی لەگەڵدایە).
یاسای نەوت و گازی کوردستان، لەوەتەی پەسندکردنییەوە زۆرینەی مادە و بڕگەکانی جێبەجێ نەکراوە، ئەو مادە و بڕگانەی پەراوێزخراون، کرۆکی یاسایەکە پێک دێنن. وا دەردەکەوێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن تەنیا بە تەنگ پیادەکردنی ئەو بەشە لە یاسایەکە بووە کە دەسەڵاتی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوتی پێدەدات و ئەوەی دی کە پێوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوت و گازەوە هەیە، هیچ بایەخێکی وەرنەگرتووە.
بەشێک لە بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی یاسایەکە ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی حکوومەتە و بەشێکی دیکەی پەرلەمان لێی بەرپرسە. بەتایبەت ئەو بەشانەی کە پێویستیان بەوە هەیە بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێن. لەناویاندا، چوار کۆمپانیا نیشتمانییەکە. سەرەڕای ئەوەش یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکان وەک بەشێکی تەواوکاری یاسای نەوت پەسند کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران پێویست بوو، ناوی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقە بۆ پەرلەمان کاندید بکات و پاشان لە پەرلەمان پەسند بکرێن، بەڵام ئەنجوومەن ئەوەی نەکرد و پەرلەمانیش پێداگیری نەکرد. ناوەڕۆکی یاسای سندووقی داهاتەکانی نەوت و گاز، دەرکردنی یاسایەکی دیکە پێویست دەکات، کە یاسای سندووقی نەوەکانی ئایندەیە و گلدانەوەی بەشێک لە نەوت و گاز یان داهاتەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگرێتەوە. بەدڵنیایی کاراکردنی یاسای سندووقی داهاتەکان گرنگە لەڕووی بەرجەستەکردنەوەی شەفافیەت لە داهاتەکانی نەوت و هەروەها، دەرکردنی یاسای سندووقی نەوەکانی داهاتوویش ئاستێک لە دادپەروەریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتییەکان بەدی دێنێت.
دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسایەکە
پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان تەنیا ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستان دەگرێتەوە کە تا ئێستا ئەنجوومەنەکە لە واقیعدا کارا نییە و هەموارەکەش هیچ گرەنتییەک بۆ کاراکردنی ئەنجوومەنەکە دروست ناکات، جگە لە زیادکردنی ئەندامێک کە لەڕووی سیاسییەوە وا لێک دەدرێتەوە پارسەنگەکە بە لایەکدا بگۆڕێت. ڕاستی پاساوێکی بابەتی بۆ زیادکردنی ئەندامێکی دیکە لە ئەنجوومەنەکە نییە، کاتێکیش سەرۆکی دیوان وەک ئەندم زیاد دەکرێت، ژمارەکە لە پێنجەوە بۆ شەش دەگۆڕێت، ئەوە وا دەکات دەسەڵاتێکی دیکە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە یەکلا ببێتەوە لەحالەتی ئەوەی دەنگدانەکان یەکسان دەبن، دەنگی سەرۆک حیسابی بۆ دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، پێگەی ئەنجوومەنە هەرێمییەکە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی نەوت و گازدا زۆر گرنگە، ئەنجوومەنەکە لەلایەک سیاسەت و نەخشەڕێگەی پرۆسەکانی نەوتی دادەڕێژێت و لەلایەکی دی دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەست هیی ئەنجوومەنەکەیە نەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یان ئەنجوومەنی وەزیران و ئیتر. کەواتە دەبێت زۆر بە گرنگییەوە لێی بڕوانرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئەنجوومەنەکە بە یاسایەک ڕێک بخرێت
گرنگە لە هەموارکردنەوەکەدا، ئەندامانی پەرلەمان پێداگیری بکەن لەسەر زیادکردنی خاڵێکی دیکە، ئەویش ئەوەیە کە ئەنجوومەنەکە بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێت و شێوازی کارکردن و دەسەڵات و وردەکارییەکان لەو یاسایەدا و لەڕێگەی پەرلەمانەوە دیاری بکرێن، ئەگەر ئەوە نەکرێت، مانای ئەوەیە ویستێک هەیە (پەیڕەو)ێک بۆ ئەنجوومەنەکە دەربکات، واتە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بەڵام گرنگە پەرلەمان یاسایەکی بۆ دەربکات. لەکاتێکدا ڕۆڵ و کاریگەریی ئەنجوومەنی هەرێمی لە کۆمپانیا نیشتمانییەکان زۆر زیاترە، بۆچی کۆمپانیاکان بە یاسا ڕێک بخرێن و بۆچی دەبێت ئەنجوومەنە هەرێمییەکە بە (پەیڕەو)ێک و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە؟!
ئەنجوومەنەکە لە ڕابردوودالە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کە یاسای نەوت و گازی کوردستان دەرکراوە تا ئێستا، ئەنجوومەنی هەرێمی کارا نەبووە، سەرەڕای سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئیمزا کراون، بە ناوی ئەنجوومەنی هەرێمییەوە ئیمزا کراون، واتە ئەو کەسەی گرێبەستەکەی ئیمزا کردووە، وەک “ڕێپێدراو”ی ئەنجوومەنەکە ئیمزای گرێبەستەکانی کردووە، نەک وەک سەرۆک حکوومەت یان جێگرەکەی یان وەزیر و ..هتد، لەبەر ئەوەی وەک ڕوونمان کردەوە دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەست لە ئەنجوومەنەکەیە.
پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە
لە کابینەی پێنجەمەوە کە یاسای نەوت و گاز دەردەکرێت و ئەنجوومەنەکە لەڕووی یاساییەوە دروست دەکرێت، بەردەوام زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن لەڕووی سیاسییەوە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی بوون و پاشان یەکێتی و گۆڕان. پارتی بەدرێژای ئەو ماوەیە کە نزیکەی تێکڕای گرێبەستەکان ئیمزا کراون، لە کۆی پێنج ئەندامی ئەنجوومەن، تەنیا دوو ئەندامی هەبووە. واتە سێ ئەندام(زۆرینە) یەکێتی و پاشان یەکێتی و گۆڕان بوون. ئەو هێزە سیاسییانە و بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانی هیچ کات هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاوی لەسەر دەسەڵاتەکانی لە ئەنجوومەنەکە و لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوت نەبووە. بە پێچەوانەوە، ساڵانێکی دوور و درێژە بانگەشەی نائاگایی لە گرێبەستەکان دەکەن. هەرچەند نزیکەی تێکڕای گرێبەستەکانی نەوت لە سەرەتادا بە ئیمزای بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی(لە حکوومەت) ئیمزا کراون یان دووبارە ئیمزا کراونەتەوە.
گرێبەستەکانی نەوت
پێش حەوت ساڵ لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا و بۆ یەکەمجار ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوتم ئاشکرا کرد و هەروەها باسی ڕۆڵ و پێکهاتەی ئەنجوومەنەکەم کرد، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، هەریەک لە د، بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە ئێن ئاڕ تی ددانی بە ڕاستیی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دانا و نێچیرڤان بارزانی لە دیداری لەگەڵ کەناڵەکانی ڕووداو، ئێن ئاڕ تی و کەی٢٤ ئەو بەشەی پێوەندی بە ئەنجوومەنی هەرێمییەوە هەبوو، باسی کردەوە. لە خوارەوە، پوختەی داتاکانی ناو ڕاپۆرتەکەی ئەوکات (٢٠١٥) دادەنێمەوە:
گرێبەستەکانی کابینەی شەشەم