یادگار سدیق گەڵاڵی
چی بکرێت بۆ ئەوەی چاودێری خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت و ئەو نەزیفە مالییە بوەستێنرێت کە بۆ چەندین ساڵی زۆر بەهۆیەوە هاوڵاتی هەرێم لەڕیی حکومەتەوە لەژێریدا دەناڵێنێت؟
تێبینی:”ئەم سەرنجانە پێش ساڵێک پێشکەشی حکومەت کراوە،تەنها چەند پەرەگرافێکمان لەسەر کۆمیتەی بەڕێوەبردن بۆ زیاد کردووە”.
بەپێی ڕاپۆرتی (کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن) لە چارەکی سێی ساڵی ٢٠٢٠ دا بە تەنها لە بلۆکی نەوتی سەرسەنگ کە تەنها ٥% بەرهەمی هەرێم پێک دە هێنێت و کۆمپانیاکەش ٦٢% ی پشکی کێڵگەکەی هەیە بڕی ٦٠٧ ملیۆن دۆلار خەرجی ماوە کۆمپانیا کە وەری بگرێتەوە! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کێشەی گەورە لەو بوارەدا هەیە، وەکو کوردیش دەڵێت “مشتێک نمونەی خەرمانێکە”.
بە پێی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو خەرجیانەی کۆمپانیا دەیکات لە کێڵگەیەکدا لە دوای گرێبەست و لە قۆناغی گەڕان و پشکنین تا دەگاتە کۆتایی بەرهەم هێنان وەری دەگرێتەوە. وڵاتی خانەخوێ تێچوەکانی دەکەوێتە سەرشان، بۆ یە گرنگە لەیەکەم قۆناغەوە تا کۆتا قۆناغ کۆمیتەیەک هەبێت بۆ بڕیاردان لە خەرجییەکان. خەرجی سەرمایە گوزاری (CAPEX) پشکی شێری ئەو خەرجیانەی بەردەکەوێت. قۆناغی گەڕان و پشکنین پێنج ساڵە و دەکرێت ٢ ساڵ درێژبکرێتەوە و لە هەندێ کاتدا بەپێێ گرێبەستاکان زیاتریش درێژ دەکرێتەوە، ئەو چەند ساڵەی هەڵسنگاندن و گەڕان و پشکنین تا دەگەنە بەرهەم هێنان خەرجییەکان کەڵەکە دەبێت. بۆ یە زۆر گرنگە هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیا نەوتیەکانەوە چاودێری و لیژنە و دەستەی تایبەت هەبێت بۆ ئەوەی خەرجییەکان لە ژێر چاودێریدا بێت و بەهەدەردان تەواو کەم بکرێتەوە گەر بنە بڕ نەکرێت.
هەر وەکو لە گرێبەستەکانیشدا هەیە کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکان لە چوار ئەندام پێک دێت ٢ ئەندامیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت وە ٢ ئەندام لە کۆمپانیا، بڕیاری یەکلاکەرەوەش لەدەست نوێنەری سامانە سروشتییەکانە. ئەم کۆمیتەیە بەرپرسە لە بەڕیوەبردنی کێڵگەکە و بڕیار لەسەر بوجەی ساڵانەو خەرجی و کێڵگەکە دەدات. ئەم کۆمیتەیە لە رووی تیۆرییەوە هەبووە بەکرداریش لە کێڵگەکاندا بونیان هەیە بەڵام وادیارە کەموو کوڕیان هەبووە و کارەکانیان وەکو پێویست ئەنجام نەداوە یان بەدوادا چون بۆ کارەکانیان نەکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستی منە لە ٢٩ کێڵگەی نەوت و گاز کە ٢٩ کۆمیتەی بەڕێوەبردنی هەیە سەرۆکی کۆمیتەکە تەنها لە نێوان سێ کەسدایە بەم شێوەیە:
یەکەمیان: سەرۆکایەتی ١٣ کۆمیتە دەکات و ئەندامیشە لە ٧ کۆمیتەدا. بە سەر یەکەوە ٢٠ کێڵگە.
دووەمیان: سەرۆکایەتی ١٠ کۆمیتە لایە و ئەندامی ٦ کۆمیتەی ترە. بەیەکەوە ١٦ کێڵگە.
سێهەمیان: سەرۆکایەتی ٦ کۆمیتە و ئەندامێتی ١٣ کۆمیتە. تێکڕا ١٩ کێڵگە.
یەکەم و دووەم ئەندامی متەناوبیشن لە هەندێ کێڵگە دا کە نە سەرۆک یان ئەندامی کۆمیتەکەن.
ئەم بەڕیزانەی کە ئەگەر زۆر لێهاتووش بن چۆن فریای ئەو هەموو کێڵگەیە دەکەون؟ سەرەڕای ئەوەی تێبینی زۆر هەیە لەسەر تواناو پسپۆڕییان. کە باسی زۆری خەرجی کۆمپانیاکان دەکرێت بەشێکی زۆری بۆ ئەم کۆمیتەیە دەگەڕێتەوە و ئەمانە راستەوخۆ بەرپرسن لێی.
چۆن دەکرێت ٢٩ کێڵگە تەنها ٣ کەس بۆماوەیەکی زۆر بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک و بەبێ چاودێری لە شوێنێکی وا هەستیاردابن؟! نەک هەر ئەوەندە ئەم ٣ کەسە گەر سەرۆکی کۆمیتەی بەڕیوەبردن نەبن ئەوا ئەندامن، ئایا ئەزمەی کەسی پسپۆڕە؟ من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کەسانی بەتوانا و دڵسۆزی زۆر هەیە، ئەی بۆچی سودیان لێ نابینرێت؟!
شان بەشانی کۆمیتەی بەڕێوەبردن لە هەموو بلۆکێکی نەوتی دەبێت بەشێوەی بەردەوام وردبینی ناخۆیی بکرێت (ئینتێرناڵ ئۆدیتینگ) وە پێکهاتبێت لەکەسی شارەزا، بەشێوەی مانگانە و وەرزی ڕاپۆرتی وردبینی هەبێت وە ئەمانیش پەیوەست بن بەدەستەیەکی سەر و خۆیان کە چاودێری چەند کێڵگەیەک بکەن و پێویستە نوێنەری رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەند بەشدارییان پێ بکرێت وەکو چاودێر. ئەم دەستەیە پێک بێت لە کەسانی خاوەن پسپۆڕی جیا وە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی کە بۆ نمونە ٦ مانگ یان ساڵی جارێک چاودێرەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت بۆ ناوچەیەک یان چەند کێڵگەیەکی تر بۆ ئەوەی کاتێک دەستەیەکی کە دێن هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دەستەی پێش خۆشیان بکەن و لە هامانکاتدا دەبن بە چاودێر بەسەر کارەکانی ئەوانیشەوە.
پێشنیارەکان بە کورتی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی لەم چەند خاڵەدا چڕ دەکەینەوە:
١ – گۆڕانکاری و باشکردنی ئەدای کۆمیتەی بەڕیوەبردنی کێڵگەکان و دانانی کەسانی شارەزاو بەتوانا کەلە ئاستی بەرپرسیاریدابن و دانانی ئالییەتی لێپرسینەوە وچاودێری کردنیان لە لایەن دەستەیەکی باڵاوە.
٢- پێکهێنانی چەند دەستەیەکی فراوان لە کەسانی شارەزا لە بوارە جیاکانی نەوت و نوێنەری داموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە چاودێری دارایی و هەر دەزگایەکی پەیوەندیداری تر لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەند بە بواری نەوت وگاز بۆ چاودێری کردن و پێدا چونەوەی خەرجییەکان.نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوە بەمانای زەمینەسازی دێت بۆ گەندەڵی.
٣- رەخساندنی بواری پێشبڕکێی راستەقینە بۆ کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی لە دابینکردنی پێداویسیتییەکان دا منافەسە هەبێت و لە ڕێگەی تەندەرینە وە بێت.
٤- هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی سکوێرێتی و ڕادەستکردنی ئەو ئەرکانە بە لیواکانی نەوت و گاز. گەر ناتوانرێت راستەوخۆ گرێبەستەکان هەڵبوەشێنرێتەوە ئەوا لە گەڵ تەواو بوونی هەرگرێبەستێکدا جارێکی تر نوێ نەکرێتەوە . بەمەش بەشێک لەخەرجی دەگەڕیتەوە، بەو پێیەی لیواکانی نەوت و گاز خۆیان مووچە لە حکومەت وەردەگرن و پێویست بە دامەزراندنی نوێ نیە.
٥- گرنگی دان بە وردبینی ناوخۆیی ( ئینتێرناڵ ئۆدیتینگ) و بەشێوەیەک لەهەموو کێڵگەیەکدا هەبێت و ڕاپۆرتەکانیان مانگانە و وەرزی بێت. بەم کارە زوو سەرچاوەی کێشەکان دەدۆزرێتەوە و خێرا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.
٦- هێزی کاری ناوخۆ گرنگی پێ بدرێت لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو هەموو جومگەکان پڕبکەنەوە، بەمەش شارەزایی خۆماڵی زۆر دەبێت تائاستی پشبەستن بە توانای ناوخۆ. لە لایەکی تر هێزی کاری ناوخۆ زۆر هەرزانترە و لە ئەنجامدا خەرجی کەم دەکاتەوە. ئەم کارە بەردەوام پێویستی بەچاودێری و هەماهەنگی هەیە لە گەڵ ئەو بەشانەی زانکۆ کە پەیوەستن بە سێکتەوری نەوتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی پتەو کردنی ژێرخانی نەوتی هەرێم، بەتایبەت گەر ئەو کۆمپانیایانەی لەیاسای نەوت و گازادا هاتووە دابمەزرێن لە سەر بنەمایەکی درووست و دوور لە پشک پشکێنەی حیزبی. لە ئەنجامدا ئەو هێزی کارانە دابەش دەبن بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا بەپێی پسپۆڕی کاریان. ئەمە بەومانایە نییە کە پێویستت بە شارەزای دەرەکی نابێت بەڵام دەتوانرێت بۆ نزمترین ئاست دابەزێت (کۆمپانیاکانی نەوت وانیشان دەدەن کەهێزی کاری ناوخۆ بەڕێژەیەکی بەرز بەکار دەهێنن. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە چەندی ئەو ئاستانەن کە هیچ پسپۆڕی پێویست نییە وەک و پاسەوان و شۆفێر… وە چەندیش لە پێگە مامناوەند و بەرز خاوەن پسپۆڕین یان لە پێگەکانی بەڕیوەبردندان؟).
٧- بەشی کڕین لەهەموو قۆناغەکاندا لەژێر چاودێری ووردبینی دابێت تاوەکو بواری گەندەڵی بەرتەسک بکرێتەوە بۆ نزمترین ئاست گەر نەڵێین بنبڕ بکرێت.
٨- بەشێکی تری خەرجییەکان خەرجی گواستنەوەیە، بە چاو پیا خشاندنەوەو دوبارە دانوستاندن لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای رۆسنەفت و کار بۆ کەم کردنەوەی کرێی بۆری گواستنەوەی نەوت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی هەرێم لە پارێزگای دهۆکە و نزیکە لە فیشخاپورەوە، نیوەکەی تریشی لە پارێزگای هەولێرە ( بەرهەمی سلێمانی و گەرمیان لە پارێزگای هەولێر داخڵ بە بۆری هەرێم دەکرێت). درێژی بۆرییەکە لە ناو هەرێم زۆر کەمترە بەراورد بە تورکیا و پاراستنی هێڵی بۆرییەکە لە تورکیا لە ئەستۆی تورکیایە بۆیە دەبێت کرێی بۆری هەرێم زۆر کەمتر بێت. بەهەمان شێوەش هەوڵی دانوستاندن بدرێت لەگەڵ تورکیا بۆ کەمکردنەوەی تاریفەی تێپەڕبوونی نەوت بۆ بەندەری جیهان. گواستنەوش لەڕێی تەنکەرەوە بکرێت بە منافەسە و تەندەرین و وەزارەت راستەوەخۆ خاوەن بڕیار بێت و دەستەڵاتی بەسەردا هەبێت.
٩- بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی نەوت و گاز لە هەرێم یارمەتی دەدات چاودێری حکومەت بۆ کۆی پرۆسەکە باشتر وئاسانتر و خێرا تر بێت،. هەروەها خەرجی کەم دەکاتەوە و ئامرازێكی باش وسەرکەووتو دەبێت بۆ پەرپێدانی ڕوونبینی.
بۆ ئەم کارە پێویستە حکومەتی هەرێم تۆڕێکی ئەلکترۆنی لە نێوان وزارەتی سامانە سرووشتێکان و هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی نەوت و گاز درووست کات و هەموو ئەو داتایانەی پەیوەستە بە خەرجی و بەڕێوبردن و پرۆسەکانی نەوت و گاز لە قۆناغە جیاجیاکاندا کە بۆ حکومەت گرنگەو دەبێت ڕۆژانە چاودێری کات و زانیاری هەبێت لەسەری لەوێدا هەبێت.
دەکرێت ئەم پێگەیە تایبەت بێت بەو داموو دەزگایانەی حکومەت و کۆمپانیاکان وچەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێری کردنی کار و خەرجییەکان . بەم کارە ئاسانکاری زۆر بۆ حکومەت دەکرێت و راستەوخۆ دەتوانێت ئاگاداری کارەکان بێت و ڕوونبینی (شەفافییەت) زیاتر درووست دەبێت. دەکرێت جۆرێک لە کێبڕکێش لە نێوان کۆمپانیاکاندا درووست ببێت و لە ئەنجامدا خەرجیش کەم دەکرێتەوە ودەبێتە هۆی درووستکردنەوەی متمانە.
١٠- لە هەرسیستەمێکی سەرکەوتودا ستافی وەزارەتەکەو بەشەکانی و چونیەتی چاودێری و بەدواداچونی کارەکان دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ئەو وەزارەت و دەزگایە، بۆیە زۆر گرنگە کە هەیکەلیەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جارێکی تر لەسەر بنەمایەکی درووستی لێوەشاوەیی و توانای کەسەکان دابمەزرێتەوە، مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و دابەشکاری حیزبی ڕۆڵی تیا نەبینێت،تاوەکو ببێت بە دەزگایەکی نیشتمانی. وەزارەت دەستەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو کێڵگەکاندا هەبێت و کەس لە دەرەوەی وەزارەت مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا نەکات.
ئەمە زۆر بە خێرایی و بە کورتی چەند خاڵێکە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی پرۆسەکانی نەوت لەهەرێم کە لە ڕابووردوودا پێناچێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵیدا بوو بێت بە هەر هۆکارێک بووبێت. لە گەڵ بوونی زانیاری تەواویش دەتوانرێت خاڵی وردتر دەستنیشان بکرێت و ئەو بۆشاییانەی کە لە کاتی کاردا دروست دەبێت لە ڕێگەی بەڕێوەبردنیێکی دروستەوە چارەسەر بکرێت.