راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوای چوار ساڵ کارکردن، کۆمپانیای گازپرۆمی روسی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی “حەسیرە”ی ناوچەی گەرمیانی دایەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ)، ئەمە کۆمپانیا بەشداربووەکانی پرۆسەی تەندەرینی توڕە کردووە، کێشمەکێش لەسەر گواستنەوەی نەوتی گەورەترین کێڵگەی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی توندبوەتەوە، کۆمپانیاکان باس لە دەستوەردانی حزبی دەکەن لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکەدا، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دوو ساڵی تری بۆ درێژکردەوە
(درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆم، ئیمێڵێکی فەرمی کردووە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشداربوون لە پرۆسەی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی “حەسیرە”ی گەرمیان بۆ کێڵگەی “خورمەڵە” لە هەولێر.
لەم ئیمێڵەدا، گازپرۆم سوپاسی هەموو کۆمپانیا بەشداربووەکانی کردووەو پێی راگەیاندوون، لەبەر کێشەی تەکنیکی نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن، بۆیە جارێکی ترو تا ساڵی ٢٠٢٣ گرێبەستەکەیان داوەتەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ).
ئەم ئیمێڵە جارێکی تر کۆمپانیا بەشداربووەکانی تەندرەینی نەوتی “حەسیرە”ی توڕە کردووە، دەڵێن دوای ئەوەی کۆمپانیای براوە کارەکەی پێنەکراوە، دەبوو گازپرۆم کارەکەی بدایە بە کۆمپانیاکانی دووەم و سێیەمی دوای ئەو لەڕووی نرخەوە، ئەگەر ئەوانیش کارەکەیان پێ نەکرا، ئەوکات پرۆسەی تەندەرینی دووبارە بکردایەتەوە، بەڵام کۆمپانیا روسییەکە یەکسەر کارە داوەتەوە بەو کۆمپانیایەی لە (٤) ساڵی رابردوو نەوتەکەی گواستوەتەوە.
هەندێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان کە (درەو) قسەی لەگەڵ نوێنەرەکانیان کردووە، باس لە دەستوەردانی حزبی دەکەن لە یەکلاکردنەوەی ئەم گرێبەستەدا.
ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی “حەسیرە”ی بۆ دەرچوو، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێدابوو بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت، بەڵام ئێستا گرێبەستەکەی لێوەرگیراوەتەوەو دراوەتەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ).
نرخی نوێی کارکردنی (بلاک پۆڵ) نازانرێت، هەندێک دەڵێن گواستنەوەی هەر تەنێک نەوتی بە (١٩ دۆلارو نیو) پێدراوە، هەندێکی تر دەڵێن بە (٢٥ دۆلار) کارەکەی وەرگرتوەتەوە.
رۆژی ٣ی شوباتی ئەمساڵ، کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی، براوەی تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی “حەسیرە”ی ناوچەی گەرمیانی راگەیاند.
ئەوکات (درەو) ئاشکرایکرد، تەندەرەکە بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە بەناوی (جهانگیر) کە خاوەنەکەی کەسێکە بەناوی (بابان محەمەد)و چەند ساڵێکە لە بواری نەوتدا کاردەکات.
ئەم کۆمپانیایە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت لە کێڵگەی “حەسیرە”ی گەرمیانەوە بۆ کێڵگەی “خوڕمەڵە” لەنزیکی هەولێر، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێدابوو، بەم نرخە تەندەرەکەی بۆ دەرچوو.
ئەم نرخە بەبەراورد بە گرێبەستی پێشوو، کە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک بڕی (٢٧ دۆلار) وەردەگیرا، نرخێکی زۆر کەم بوو، ئەمە گومانی لەسەر پلانی کارکردنی ئەو کۆمپانیایە دروستکردووە کە تەندەرەکەی بۆ دەرچوو بوو.
ئەم نرخە بۆ ئەوانەی چاودێری پرۆسەکەیان دەکرد، لە کەمیدا پێشبینی نەکرا بوو، چونکە دەوترا شۆفێری تانکەرەکان بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت بڕی زیاتر لە (١٦) دۆلار وەردەگرن (هەر تەنێک نەوت بریتییە لە ٧ بەرمیل)، سەرباری ئەمە ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ دەرچوو بوو، دەبوو بۆ هەر تەنێک بڕی لانی کەم (١ دۆلار) بدات بە کۆمپانیای رێکخەری شۆفێرو تانکەرەکان، ئەمە سەرباری ئەو پارەیەی کە دەبوو وەکو باجی کارکردن بە حکومەتی هەرێمی بدات.
بەم خەرجییە زۆرانەوە کۆمپانیای (جهانگیر) ئەگەر هەر تەنێکی بەبڕی (١٦ دۆلار) بگواستایەتەوە، خەرجی کارەکەی لە داهاتەی زۆرتر دەبوو، واتە توشی زیانێکی ئابوری گەورە دەبوو.
ئەو نرخە کەمەی کە کۆمپانیای جیهانگیر بۆ وەرگرتنی تەندەرەکە لێی دابوو، تەنانەت لەو نرخەش کەمتر بوو کە بەشی یاسایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کردبوو، کە لەکەمترین ئاستدا بڕی (١٨ دۆلار بوو بۆ هەر تەنێک، ئەمە وای کرد پێشبینی ئەوەبکرێت کۆمپانیاکە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی، لەڕێگەی ترەوە سود لە نەوتی کێڵگەی “حەسیرە” وەربگرێت، بۆیە لەپێناو بردنەوەی تەندەرەکە بە کەمترین نرخ چوەتە ناو کێبڕکێکەوە، هەندێکی تر دەیانوت ئەم کۆمپانیایە هاوبەشی کۆمپانیای (بلاک پۆڵ)ەو وەکو گەمەیەک بەم نرخە کەمە دابەزیوەتە ناو پرۆسەی تەندەرینەکەوە.
لەبارەی تەندەرینەکەوە
کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو (١٥) كۆمپانیا تەندەریان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان.
كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسی کە نەوتی بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، تەندەرینەکەی رێکخست.
گازپرۆم ئێستا رۆژانە نزیکەی (٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە بلۆكی گەرمیان (سەرقەڵا-۱، سەرقەڵا-۲، سەرقەڵا-۳) بەرهەم دەهێنێت، ئەمە گەورەترین بلۆكی نەوتیی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە.
نەوتی بلۆكی گەرمیان بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر، لەوێشەوە دەخرێتە بۆری نەوتیی هەرێم و رەوانەی توركیا دەكرێت و لەوێشەوە بۆ بازاڕی جیهانیی.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێشتر دەسەڵاتی پێدانی تەندرەی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان بۆ خورمەڵە، لای حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەمدواییانە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەكەی داوە بە گازپرۆم.
پێشتر كە دەسەڵاتی تەندەرین لای حكومەتی هەرێم بووە، گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) دراوە بە كۆمپانیایەك بە ناوی (بلاك پۆڵ) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەو خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (دانای حاجی ساڵح).
كۆمپانیای (بلاك پوڵ) پێشتر بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) بە تانكەر، بڕی (٣٦ دۆلار)ی لە حكومەت وەرگرتووە، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (بلاك پوڵ) بۆ هەر تەنێك بڕی (١٠ دۆلار)ی بردووەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەكەشی بە كۆمپانیایەكی تر كردووە بە ناوی (كیپ ئۆف ئۆیل)و بڕی (٢٦ دۆلار)ی بۆ هەر تەنێك بەو كۆمپانیایە داوە.
حەسیرە لەنێوان حکومەت و گازپرۆمدا
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوانەی ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن پێدانی دەسەڵاتی تەندەرین بە كۆمپانیا روسییەكە بەهۆی ئەوە بووە پێشتر ئەم دەسەڵاتە کە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە، وەزارەت نەیتوانیوە بەباشی چاودێری تانكەرەكان بكات و زۆرجار نەوت دزراوە، بۆیە وەزارەت كارەكەی داوە بە كۆمپانیا وەبەرهێنی نەوت تاوەكو خۆی گرێبەست بدات بە كۆمپانیاكان و لەڕێگەی دانانی كۆد لەسەر تانكەرەكان، رێگری لە دزینی نەوت بكات و چاودێری توندوتوڵ بكاتەوە.
ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەناوی (EOT) نرخێكی زۆر كەمتری لە نرخی پێشوو لێداو گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی بۆ دەرچوو، ئەم كۆمپانیایە ئامادە بوو هەر تەنێكی نەوت بە (١٩ دۆلار) بگوازێتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە گرێبەستی پێشووتر كە (٣٦ دۆلار) بوو، نرخێكی زۆر كەمتر لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەوت، بەڵام كۆمپانیای (بلاك پوڵ) بەناوی داخوازی شۆفێری تانكەرەكانەوە كێشەی بۆ كاری كۆمپانیا (EOT) دروستكردو دواجار بەناچاری گرێبەستی كاركردنی (بلاك پوڵ) درێژكرایەوەو ئەمجارە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت بڕی (٢٨ بۆ ٣٠) دۆلاری پێدرا، واتە ئەم بابەتە پێشینەی هەیەو ئەمە جاری دووەمە گازپرۆم ماوەی کارکردنی کۆمپانیای (بلاک پۆڵ) درێژدەکاتەوە.
لە پێگەی درەو وەرگیراوە