یادگار سدیق گەڵاڵی
بەتەنها بەها و نرخی نەوت ناجێگیر نییە و مەترسی دابەزینی لەسربێت بەڵکو بەرهەمی نەوتیش هەندێ جار مەترسی کەمکرنی لەسەرە. پێکهاتەی جیۆلۆجیی و حەشارگە نەوتییەکانیش مەترسیان گەر زیاتر نەبێت کەم تر نییە لە پاڵ چۆنییەتی مامەڵە کردن لە گەڵ بیرەنەوتەکان و فشارلێکردنیان (مەترسییە جیۆلۆجییەکان و هۆکاری دابەزینی بەرهەمی کێڵگەکان جێ دێڵم بۆ پسپۆڕانی ئەوبوارە).
لەماوەی چەندساڵی ڕابوردودا بینیمان کە چۆن کێڵگەی تەقتەق کە یەکێک بوو لە کۆنترین و گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی هرێم، بەرهەمی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد. تەقتەق لە ساڵی ٢٠١٥بەرهەمی ١٢٨ هەزا و ٩٠٠ بەرمیل بووە ئێستا کەمترە لە ١٢ هەزار بەرمیل واتە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠٪ بەرهەم کەمی کردووە . هەروەها کێڵگەی فیشخاپور بەهەمان شێوە لە ٢٠١٥ بەرهەمی ١٢٨ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێکدا ئێستا ٥٦ هەزار و ٨٥٠ بەرمیلە کە ڕێژەی ٥٦٪ بەرهەم کەمی کردووە.
لە لایەکی ترەوە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وە چەند کێڵگەیەکی تر کەوتنە بەرهەم هێنان و بەردەوام بەرهەمیان بە شێوەیەکی قۆناغ بەندی زیاد دەکات لە ناویاندا هەریەک لە کێڵگەکانی پیشخاپور، شێخان ، ئەتروش سەر سەنگ و گەرمیان. چەند کێڵگەیەکی تریش لە قۆناغی گەڕان و پشکنین تێنەپەڕین و رادەستی حکومەت کرانەوە دوای ئەوەی کۆمپانیاکان نەوتیان نەدۆزییەوە یان بڕی ئەونەوتەی دۆزرایەوە هێندە نەبوو کە بەردەوام بن.
بەرزوو نزمی لە بەرهەمی کێڵگەکاندا چاوەڕوانکراوە و تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پێکهاتەی حەشارگە نەوتییەکانەوە ، لەگڵ ئەوەی خەرجی و پەرەپێدانی بەردەوامیش یەکێکی ترە لە هۆکاراکانی زیادکردنی بەرهەم، هەروەک چۆن لەسەرەتای دابەزینی نرخی نەوتەوە بینیمان حکومەتی هەرێم داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردخەرجییان کەمبکەنەوە دەرئەنجام لە زۆرێک لە کێڵگەکان بەر هەم بەڕادەیەکی دیاری کراو کەمی کرد. ئێستا دوای ئەوەی چەند پێکوتەیەکی کۆرۆنا لە قۆناغی ئامادە بوندایە بۆیە هیوایەکی زیاتر هەیە بارودۆخەکە بەرەو ئاسایی بونەوە بچێت و ئابوری جیهان ببوژێتەوە و لە ئەنجامدا خواست لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان زیاد ببێت و ببێتە هۆی زیاتر بەرزبونەوەی نرخی نەوت، لەسەر ئەو بنەمایە چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێم بەرەو زیاد بوون بچێت.
یەکەم بەرهەمی سەرتە
کێڵگەی نەوتی سەرتە کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرە وە بۆ یەکەم جار دەکەوێتە بەرهەم هێنان، بەو هۆیەشەوە لانیکەم بڕی ٥ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەو کێڵگەیە بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد دەبێت.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی کە پشکی ٣٠٪ ی کێڵگەکەی هەیە دەڵێت “خۆشحاڵین کە یەکەم بەرهەمی نەوتی کێڵگەی سەرتە ڕابگەیەنین”. ئەم ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی بەرهەمە لە دوای ٢١ یەک مانگ دێت لەوەی کە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پشکی کێڵگەکەی کڕیووە و دەستی کردووە بەکار کردن لە کێڵگەکەدا.
بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیاکە بەرهەم هێنان لە بیری سەرتە-٣ دەستی پێکردووە و دەڕوات بۆ یەکەی بەرهەمهێنانی سەرەتایی پرۆسەی کار کردن لەبیری سەرتە-٢ بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت لەمانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا تەواو ببێت وە لە کانونی دووەمی ٢٠٢١ دا لەو بیرەشدا دەست بە بەرهەم بکرێت. هەروەکو پێشتر ڕاگەیەندراوە چاوەڕێ دەکرێت لەچارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە سەقامگیر ببێت.
کۆمپانیاکە ڕاینەگەیاندووە کە بەرهەمی کێڵگەکە چەندە لە ئێستادا بەڵام بەپێی گرێبەستەکان و یاسای نەوت و گازی هەرێم کاتێک بەرهەمی کێڵگەیەک دەگاتە ٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەرهەمی بازرگانی ئەژمار دەکرێت. بۆیە دەبێت بەرهەمی سەرتە لانی کەم ڕۆژانە ٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد بکات.
کێڵگەی سەرتە لەپارێزگای هەولێرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە هەریەک لە کێڵگەکانی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم (تاوکی- فیشخاپور،تەقتەق و سەرتە) پشکی هەیە، هەروەها پشکی هەیە لە کێڵگەکانی قەرەداغ، میران، بنەباوی و بەعشیقە کە لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندان.
کێڵگەی شێخان
پێش چەند ڕۆژێک و لە بەرواری ٢٣/١١/٢٠٢٠ دا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ی بەریتانی کە لەکێڵگەی شێخان پشکی ٨٠٪ ی هەیە ڕایگەیاند بیری (HS12) کە بەسەرکەوتوویی تەواو بووە، ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی زیاترە لە ٥ هەزار بەرمیل نەوت، بەمەش بەرهەمی کێڵگەکە بەڕێژەی ١٥٪ زیادی کردووە.ئێستا بەرهەم گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
تەنها لەم دوو کێڵگەیە لەمانگی تشرینی دووەمەوە زیاد لە ١٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەکات.
گەرمیان
لەلایەکی ترەوە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی لەم هەفتەیە دا ڕایگەیاند لەبەرنامەیدایە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ئایندەدا لەکێڵگەی سەرقەڵا بیری چوارەم تەواو بکات بەمەش بەرهەمی ئەم کێڵگەیەی بلۆکی گەرمیان بگەیەنێتە ٣٢ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. لەئێستادا بەرهەمی ئەو سێ بیرەی سەرقەڵا ٢٤ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، واتە چاوەڕێ دەکرێت بڕی ٨ هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکات. هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند تائێستا بڕی ٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکەدا بەرهەم هێناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە پلانی هەیە سود لەو گازە وەربگرێت کەلەگەڵ نەوتەکەدا دێتە دەرەوە جیای بکاتەوە بۆ بەرهەمی هێنانی کارەبا سودی لێ ببینێت لە ڕێگەی بنیادنانی بۆرییەکی گازەوە بەدرێژی ٤٫٥ کیلۆمەتر بیگوازێتەوە و بیگەیەنێت بە یەکەی بەرهەم هێنانی کارەبا و ناوچەکە لێی سودمەند بن.
ئەوەی جێی تێبینییە ساڵی پار لەمانگی نیساندا کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە ئاستی بەرهەمی سەرقەڵا بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە دوای تەواو بونی بیری ژمارە ٣ و بەرهەمی گەیاندووەتە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.بەم پێیە بێت لە سەرەتای ئەم ساڵدا کۆمپانیاکە بەرهەمی کەمی کردووە نەک زیاد و ئێستا بەهۆی بیری چوارەمەوە ئاستی بەرهەمی زیاد کردووە. بلۆکی نەوتی گەرمیان کۆمپانیای گازپرۆم ڕێژەی ٤٠٪ و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی ٤٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی پشکی کێڵگە کەیان هەیە. کۆمپانیای گازپرۆم لە کێڵگەی شاکەلیش پشکی ٨٠٪ ی هەیە.
چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کێڵگەی بەعشیقەش کە ئێستا لە قۆناغی پێش بەرهەم و هەڵسەنگاندندایە بکەوێتە قۆناغی بەرهەمی بازرگانی بەمەش بەرهەمی هەرێم ڕێژەیەکی تر زیاد دەکات.
لە بەعشیقە ئێکسۆن مۆبیل ٣٢٪، دی ئێن ئۆ٣٢٪ ، گەنێڵ ئەنێرجی ١٦٪ و هەرێم ٢٠٪ ی پشکیان هەیە.
لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام ئاستی بەرهەمی هەرێم ڕاناگەیەنر ێت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێمەوە بەدیاری کراوی نازانرێت بەرهەم چەندە، بەڵام مەزەندە دەکرێت لە نێوان ٤٥٠ بۆ ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوت بێت لەڕۆژێکدا
لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام ئاستی بەرهەمی هەرێم ڕاناگەیەنرێت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێمەوە بەدیاری کراوی نازانرێت بەرهەمی رۆژانە چەندە و ئاستی زیادکردنەکە چەندە ؟ چەند لەم بەرهەمە بۆ ناوخۆیە و لەناوخۆدا بۆ چی بەکاردەهێنرێت؟ چەند هەناردە زیاد و کەم دەکات؟ بۆیە ئێمە تەنها بە مەزەندەکراوی لە ژێر رۆشنایی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان بە ٤٥٠ بۆ ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا مەزەندەی دەکەین.
لە لایەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لە هەرێم کاردەکەن بەردەوام مژدەی زیادبوونی بەرهەم لە کێڵگە نەوتییەکان ڕادەگەیەنن، کوردستان بە شوێنی دەستخستنی قازانجی زۆر و خێرا پێناسەدەکەن لە ڕاپۆرتەکانیاندا. ئەوە جگە لە باسی بەرهەمی گازو کیڵگە زەبەلاحەکەی کۆرمۆر کە جگە لەوەی بڕێک لە بەرهەمی گازەی کە بۆ ویستگەکانی کارەبا دەڕوات و گەر لە ڕێژەیەک زیاتر بێت دەبێت حکومەت لە کۆمپانیاکەی بکڕێتەوە، هاوڵاتیش کڕیارە وەک هەر کڕیارێکی تر لە کڕینی گازی ماڵان و کۆندێنسێت لە کۆمپانیاکە ( دانا گاز و هاوپشکەکانی بەردەوام باسی قازانجە زەبەلاحەکانیان دەکەن).
لەلایەکی تریش هەرێم ڕایدەگەیەنێت زۆرترین قەرزی کەوتووەتە سەر، بۆیە هاوڵاتی هەرێم زۆرترین زەرەرمەند بووە لە ئەنجامی ئەو شێوازە مامەڵە خراپەی کە بە بەڕێوە بردنی نەت و داهاتی نەوتەوە کراوە، لە ئەنجامدا کۆمپانیاکان دەوڵەمەنتر دەبن و هاوڵاتی و حکومەتیش هەژارتر . بۆیە دەپرسین ئایا هاوڵاتی دەبێت دڵخۆش بێت بە زیاد بوونی بەرهەمی نەوت یان نا؟