لە ڕاگەیەندراوێکدا سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە ڕاگەیەنراوە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٢٠٢٠/١٠/٢٨ بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە.
لەڕاگەیانراوەکەدا نەوتراوە کە لە چ ناوچەیەک بۆرییەکە تەقێنراوەتەوە و کێ بەرپرسە لە و کردەوەیە. شایەنی باسە هەر وەستانێک لە هەناردەی هەرێم ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت لەسەر داهاتی هەرێم، بەوپێ یەی بەشێوەیەکی سەرەکی داهاتی هەرێم پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.
تائێستا نازانرێت چەندی پێ دەچێت تا بۆریەکە چاک دەکرێتەوە و هەناردە کەی دەست پێ دەکاتەوە؟
لە ڕاگەیەندراوێکدا گەریلاکانی هەپەگە بەربرسیاری خۆیان لە تەقاندنەوەی بۆری نەوتی بۆتاش لە ناوچەی باگۆکی شاری ماردین ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەکەکەدا دەڵێن”هێزەکانمان لە بەرواری ٢٨ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە دژی بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆکی سەر بە شاری مێردین چالاکیەکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە. لەو چالاکیەدا بۆری نەوتەکە بە تەواوەتی لەناو چووە”.
دەقی راگەیاندنەکانی حکومەتی هەرێم
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی کردەوەی تێرۆریستیی بە ئامانجگرتنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان سەرکۆنە دەکات.
رۆژی چوارشەممە 28 تشرینی یەکەم 2020، بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوەستێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کردەوە تێرۆریستییە شەرمەزار دەکات و پێی وایە ئەم جۆرە کردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.
حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکرێت ودەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت.
لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/30
پەرەگرافی چوار نوێ کراوەتەوە.